ترەمپ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" وتویەتی، "دەڵێن ئەسپرین بۆ شلکردنەوەی خوێن باشە، منیش نامەوێت خوێنێکی خەست بەدڵمدا تێپەڕێت".

جەختیکردەوە، ماوەی 25 ساڵە لەسەر ئەو خوە بەردەوامەو تەندروستییەکی نایابی هەیە، هەرچەندە دانی بەوەدا نا، "ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی دەستەکانم بەئاسانی توشی شینبونەوەو پەڵە ببن".

لەبەرامبەردا، پسپۆڕانی دڵ، وەک دکتۆر ڤانیتا ئارۆرا هۆشداریدەدەن، زیادکردنی ژەمی ئەسپرین مانای پاراستنی زیاتری دڵ نییە، بەڵکو مەترسییەکان زیاددەکات.

پزیشکان ڕونیدەکەنەوە، ئەسپرین بەبڕی کەم (لەنێوان 75 بۆ 150 میلیگرام) بەسە بۆ ڕێگریی لەکۆبونەوەی پەڕەکانی خوێن‌و دروستبونی جەڵتە لەخوێنبەرەکانی دڵ‌و مێشکدا.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، مەترسیدارترین کاریگەریی ژەمی بەرز "خوێنبەربون"ە، چونکە ئەسپرین ڕێگریی لەتوانای جەستە دەکات بۆ وەستانی خوێن، ئەمەش ئەگەری خوێنبەربونی گەدەو ڕیخۆڵە زیاد دەکات‌و دەکرێت ببێتە هۆی برینی گەدە، پیسایی ڕەش، یان ڕشانەوەی خوێناوی.

لەحاڵەتە مەترسیدارەکاندا، بەتایبەت لەبەساڵاچواندا، دەکرێت ببێتە هۆی خوێنبەربونی مێشک یان زیانگەیاندن بەگورچیلەکان، هەروەها نیشانەی ژەهراویبون وەک زرینگە لەگوێیەکان دروستدەکات.

پزیشکان جەختدەکەنەوە، ژەمی بەرز (325 میلیگرام) تەنها لەکاتی حاڵەتی بەپەلەو گومانی جەڵتەی دڵدا بەکاردێت (باشترە بجویرێت بۆ کاریگەریی خێرا)، بەڵام ئەمە نابێتە جێگرەوەی نەخۆشخانە، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک پابەندی ئەو بڕە بێت کە پزیشک بۆی دیاریدەکات.